جزدانی کریپتۆ چییە و چۆن بە سەلامەتی بەکاری بهێنین؟
ڕێبەرێکی سادە بۆ جۆرەکانی جزدانی کریپتۆ، ووشەی نهێنی، MetaMask، Rabby، Phantom، Backpack و جیاوازی جزدانی نەرمەواڵەیی و هاردوێری.

جزدان چی یە؟
جزدانی کریپتۆ شوێنێک نییە کە دراوە ڕەمزییەکانت بە شێوەی فیزیکی تێیدا دانرابن. داراییەکان لەسەر بلۆکچەین تۆمار دەبن؛ جزدان کلیلە تایبەتییەکانت پارێزراو دەکات و ڕێگەت پێدەدات مامەڵە واژۆ بکەیت، دارایی بنێریت، یان پەیوەست بیت بە ئەپەکانی وێبی سێ.
بۆیە گرنگترین شت ئەوە نییە کە ناوی جزدانەکەت چییە؛ گرنگ ئەوەیە کە کلیلەکانت کێ کۆنتڕۆڵ دەکات و تۆ چۆن پارێزگارییان لێ دەکەیت.
جیاوازی Custody و Non-Custody
لە جزدانی Custody، وەک ئەکاونتی زۆربەی بۆرسەکان، کۆمپانیاکە بەشێک لە کۆنتڕۆڵ و پاراستنی داراییەکەتی لەدەستدایە. بەکارهێنانی ئاسانترە، بەڵام ئەگەر ئەکاونتەکەت بلۆک بکرێت، بۆرسەکە کێشەی لێ بکەوێت، یان خۆت دەستت بە جزدانەکەت نەگات، ئەوا داراییەکەت لەژێر مەترسیدا دەبێت.
لە جزدانی Non-custody، تۆ خاوەنی ووشەی نهێنی و کلیلەکانی خۆتیت. ئەمە سەربەخۆیی زیاتر دەدات، بەڵام بەرپرسیاریشی زیاترە: ئەگەر ووشەی نهێنی لەدەست بدەیت یان بدەیت بە کەسێکی تر، ناتوانیت جزدانەکەت بە ئاسانی بیگەڕێنیتەوە.
لە جزدانی Non-custodyدا تۆ خۆت ڕاستەوخۆ لەگەڵ بلۆکچەین مامەڵە دەکەیت، بۆیە پێویستە تێبگەیت هەر تۆڕێک یاسا و تێچوونی خۆی هەیە. بۆ نموونە، لەسەر ئیتیریۆم پێویستت بە ETH ـە بۆ کرێی گواستنەوە یاخۆد Gas fee، لەسەر سولانا پێویستت بە SOL ـە، و لەسەر BNB Chain پێویستت بە BNB ـە. هەروەها هەر بلۆکچەینێک دراو و ستانداردی جیاوازی هەیە؛ ئەوەی لەسەر تۆڕێک کار دەکات، هەمیشە بە هەمان شێوە لەسەر تۆڕێکی تر کار ناکات. بەڵام لە بۆرسەی ناوەندی (Centralized Exchange)، وەک ئەکاونتی بۆرسە، زۆرێک لەم وردەکارییانە لە پشت ڕووکاری بەکارهێنەرەوە بەڕێوە دەبرێن. بۆیە بۆ دەستپێکەران ئاسانترە، چونکە پێویست ناکات لە سەرەتادا زۆر مامەڵە لەگەڵ gas fee، تۆڕی جیاواز، ناونیشانی جیاواز و دراوی سەرەکی هەر بلۆکچەینێک بکەن. بەڵام ئەو ئاسانییە بە واتای ئەوەشە کە بۆرسەکە بەشێک لە کۆنتڕۆڵی داراییەکەتی لەدەستدایە.
جزدانی نەرمەواڵەیی / Software Wallet:
جزدانی نەرمەواڵەیی ئەپێکە لەسەر مۆبایل، کۆمپیوتەر، یان وێبگەڕێکی وەک Google Chrome. بۆ فێربوون، مامەڵەی بچووک، تاقیکردنەوەی پڕۆژەکان و بەکارهێنانی DeFi زۆر گونجاوە، چونکە خێرا پەیوەست دەبێت و کارکردن لەگەڵیدا ئاسانە.
بۆ بلۆکچەینەکانی EVM، واتە بلۆکچەینەکانی کە لەگەڵ ئیتیریۆم هاوشێوەن، MetaMask یەکێکە لە ناسراوترین هەڵبژاردەکان. Rainbow زیاتر ڕووکاری سادە و خاوێنی هەیە، و Rabby بۆ ئەوانەی زۆر مامەڵە و پەیوەستبوون بە DeFi دەکەن، بەهۆی پیشاندانی وردتری مەترسی و مامەڵەکان، بەکارهێنانی خۆی هەیە.
بۆ سولانا، Phantom لەناو بەکارهێنەراندا زۆر ناسراوە و بۆ NFT، تۆکن و ئەپەکانی سولانا بەکاردێت. Backpackیش هەڵبژاردەیەکی ترە کە لە کۆمەڵگای سولانا و جیهانی ئەپە نوێیەکاندا بەکار دەهێنرێت. هەر جزدانێک بەکاربهێنیت، لە سەرچاوەی فەرمی دایبەزێنە و بەستەری نادیار مەکەرەوە.
جزدانی فیزیکی / Hardware Wallet:
جزدانی هاردوێری یان فیزیکی ئامێرێکی جیاوازە کە کلیلە تایبەتییەکانت لە دەرەوەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەت دەپارێزێت. کاتێک مامەڵە دەکەیت، زۆرجار پێویستە لەسەر خودی ئامێرەکە پشتڕاستی بکەیتەوە. ئەمە مەترسی ئەوە کەم دەکاتەوە کە مالوێر یان سایتێکی ساختە بە ئاسانی کلیلەکانت بدزێت.
Ledger و SafePal دوو نموونەی ناسراون کە جزدانی هاردوێری/فیزیکی پێشکەش دەکەن. ئەمانە زۆرجار بۆ ئەو کەسانە گونجاون کە بڕێکی گرنگ لە دارایی ڕادەگرن، یان نایانەوێت هەموو شتێک تەنها لەسەر مۆبایل و وێبگەڕ بێت.
بەڵام جزدانی هاردوێریش جادوو نییە. پێویستە لە فرۆشیاری باوەڕپێکراو بکڕدرێت، ووشەی نهێنییەکە بە شێوەیەکی سەلامەت بنووسرێت، و هەرگیز لە کۆمپیوتەر یان مۆبایلدا وێنە یان کۆپییەکی نەهێڵدرێتەوە.
ووشەی نهێنی و هەڵە باوەکان:
ووشەی نهێنی یان seed phrase کلیلی سەرەکییە بۆ گەڕاندنەوەی جزدانەکەت. نابێت وێنەی لێ بگریت، لە تەلەگرام یان نۆتەکانی مۆبایل دایبنێیت، یان بۆ هیچ کەسێک بینێریت. کەسێک ئەو ووشانەی هەبێت، دەتوانێت داراییەکەت بگوازێتەوە، تەنانەت ئەگەر پاسۆردی ئەپەکەت نەزانێت.
پێش ئەوەی جزدانەکەت بە سایتێک پەیوەست بکەیت، ناونیشانی وێبسایتەکە پشکنە. زۆر جار سایتێکی هاوشێوە دروست دەکرێت کە تەنها یەک پیت یان نیشانەی جیاوازە. بەستەرەکانی ناو کۆمێنت، گرووپی نادیار و نامەی تایبەتی بە تایبەتی مەترسیدارن.
چ جزدانێک بۆ تۆ باشترە؟
ئەگەر تازه دەستت پێکردووە، جزدانێکی نەرمەواڵەیی باوەڕپێکراو بۆ بڕی بچووک و فێربوون بەسە. ئەگەر بەردەوام DeFi، NFT یان ئێردرۆپ تاقی دەکەیتەوە، باشە جزدانێکی جیاواز بۆ تاقیکردنەوە و جزدانێکی تر بۆ پاراستنی دارایی گرنگت هەبێت.
ئەگەر بڕی گرنگت هەیە، جزدانی هاردوێری لەگەڵ ڕێوشوێنی باشی پاراستن هەڵبژاردەیەکی بەهێزترە. بە کورتەیی: جزدانی نەرمەواڵەیی بۆ کارکردنی ڕۆژانە، جزدانی هاردوێری بۆ پاراستنی درێژخایەن، و هۆشیاری بەردەوام بۆ هەردووکیان پێویستە.